دیاره وه‌كو ئاماژه‌مان پێی كرد له زنجیره‌ی یه‌كه‌م له سه‌ر بنه‌ماڵه كاریگه‌ر و به‌رچاوه‌كانی شاری خورماتوو ده‌یان بنه‌ماڵه‌ی تر بوونیان هه‌یه كه ڕۆڵی به‌رچاویان بینیه‌وه له هه‌موو بواره‌كاندا و خزمه‌تی باشیان گه‌یاندوه به نه‌ته‌وه‌كه‌یان ، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه بوه‌ستین له سه‌ر ژیان و گوزه‌رانیان تا بتوانیین به‌پێی توانا هه‌ندێك لایه‌نی مێژوویی بنه‌ماڵه‌كانیان بخه‌ێنه ڕوو تا خه‌ڵكی به گشتى ئاشنا بكه‌ین به زانیاری له سه‌ر هۆز و تایه‌فه‌كانی كوردی ئه‌م ناوچه‌یه .
ئاشكرایه بابانیه‌كان خاوه‌نی ئیماره‌تی تایبه‌تی خۆیان بوونه و مێژوویه‌كی پڕ له سه‌روه‌ریان به جێهیڵاوه له داوی خۆیان بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌یان ، له هه‌موو بواره‌كاندا خزمه‌تیان پێشكه‌ش به نه‌ته‌وه‌ی كورد گه‌یاندوه و توانیوایانه له ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیاندا سنورى ده‌سه‌ڵاتی خۆیان فراوانتر بكه‌ن و نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كورد بكه‌ن له‌سه‌ره‌تای دروستبونى عیرَاقه‌وه ، بۆیه لێره‌دا ئاماژه به بنه‌ماڵه‌یه‌كی تری ئه‌م ناوچه‌یه ده‌كه‌ین له چوار چێوه‌ی ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی كه قورسایه‌كی زۆریان هه‌یه له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا ، كه ئه‌ویش بنه‌ماڵه‌ی (شاه نادری كوڕی كوێخا ئه‌حمه‌دی بابان)ه . كه له دوای ڕوخاندنی ئیماره‌تی بابان هاتوته سنوری گه‌رمیان و له شاری خورماتوو نیشته‌جێ بووه و نزیك به‌م شاره گوندێكی به ناوی (سنگور) دروست كردوه .
پێناسه‌یه‌كی كورت له سه‌ر دێی (سنگور) ...
گوندی سنگور : یه‌كێكه له‌و گوندانه‌ی سه‌ر به شارى خورماتووه و ، ده‌كه‌وێته سه‌ر رێگای گشتی نیوان (دووزخورماتوو – داقوق) . مێژووی دروست بوونی ئه‌م گونده ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی (1850)ى پ . ز .
ناوی دێكه له چیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه ؟ مێژوونوسه‌كان ده‌ێگه‌ڕێننه‌وه كه وشه‌ی (سنگور) وشه‌یه‌كی توركیه به مانای جوره گولێكه دێت .
ئه‌م گونده وه‌كو سه‌رجه‌م گونده‌كانی تری كوردستان چه‌ند جارێك سوتینراو و خاپۆر كراوه له لایه‌ن رژێمی له ناوچوه‌وه . له ساڵی (1986) له سه‌ره‌تای ده‌ست پێكردنی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال بۆ سه‌ر ناوچه‌ی گه‌رمیان كاول و ده‌روخێنرێت له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌عسه‌وه و دواتر دانشتوانه‌كه‌ی راگۆیزی قه‌زاو گونده‌كانی ده‌ووروبه‌ر ده‌كرێت . ژماره‌ی دانشتوانی پێش روخاندنی زیاتر له (70) هه‌فتا ماڵ بووه . له‌گه‌ڵ بابانیه‌كان هۆزه‌كانی (شوانی و له‌ك و گل)یشی تێدا ژیاوه ئه‌م گونده .
مێژووی دروست بوونی ئه‌م گونده ..
سه‌ره‌تا ئه‌م گونده له لایه‌ن (نادر ئه‌حمه‌د به‌كر بابانی)ه‌وه كه ناسراوه به (شاه نادر) ئاوه‌دان كراوه‌ته‌وه ناوی ته‌واوی : شاه نادر كوڕی كوێخا ئه‌حمه‌د كوڕی به‌كر كوڕی قوربانی كوڕی عه‌بدوڵڵا به‌گ كوڕی سه‌لیم به‌گ بابان بووه و تیره‌كه‌شیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر به‌به‌ی سلێمانی و له نه‌وه‌ی میری (بابان)ن . (سه‌لیم به‌گ)ی باپیره گه‌وره‌ی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه ناسراوه به (سه‌لیم سێ ته‌نگه) یه‌كێك بووه له دوانزه سواره‌ی مه‌ریوان .
دوا به‌دوای ئه‌و شه‌ڕه‌ی كه له نێوان بابانیه‌كان و چه‌ندرمه‌كانی تورك ده‌ستی پێكرد و له ئه‌نجامدا روخانی ئیماره‌تی بابانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه ، بۆیه شاری سلێمانی به‌جی ئه‌هێڵن و به‌ره‌و گوندی (گۆڕبه‌نه) شوڕ ده‌بنه‌وه و دواتر (به‌كر قوربانی) باپیری (نادر به‌گ) دێته گوندی (قه‌یتول) به‌رامبه‌ر به گوندی (ته‌په دێی) نیشته‌جێ ده‌بێت . پاشان (شاه نادر)ی كوڕه‌زای دێته سنورى گه‌رمیان و له ناوچه‌ی خورماتوو . له ساڵی (1855) دێی سنگور دروست ده‌كات و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بێت ، بۆیه ئه‌توانیین بڵێن (شاه نادر) به باپیره گه‌وره‌ی بابانیه‌كانی خورماتوو دائه‌نرێت .
ئێستا ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه له لایه‌ن (عه‌بدول ئه‌حمه‌د نادر) ناسراو به (عه‌بدول سنگوری)وه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرێت و ده‌م سپێ و پێشه‌وای بابانیه‌كانی سنوری قه‌زای خورماتووه .
وه‌ك ئاماژه‌مان پێیدا له دوای روخاندنی گوندی سنگور به یه‌كجاری له ساڵی (1986) ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه بڵاوه‌یان كردوه‌ته شاره‌كانی (دووز خورماتوو و داقوق و هه‌فته‌غار و كه‌ركوك) ئێستا ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه زیاتر له (150) ماڵ ئه‌بن و به‌شی هه‌ر زۆری كه‌وتونته سنوری قه‌زای خورماتووه‌وه .
سه‌رچاوه :
ئه‌رشیفی بنه‌ماڵه‌ی بابانیه‌كان له لایه‌ن (كاك شه‌لال عه‌بدول ئه‌حمه‌د بابانی)ه‌وه قایمقامی ئێستای قه‌زای خورماتوو كه هاوكاری كردین به زانیاری به سود له سه‌ر بنه‌ماڵه‌كه‌یان . بۆیه زۆر سوپاسی به‌ڕێزیان ده‌كه‌م . |